چێشتخانەیەك داخرا

:: AM:09:06:23/04/2026 ‌
بەهۆی خواردنی ناتەندروست لە یەكێك لە چێشتخانە میلییەكانی شاری زاخۆ، 75 كەس  ژەهراوی بوون، هێشتا بەشێكیان لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی زاخۆ چارەسەر وەردەگرن، وەزیری تەندروستیش رای دەگەیەنێت كە چێشتخانەكە راستەوخۆ داخرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی نیسان،  سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییانە كراوە كە بەهۆی خواردن لە یەكێك لە چێشتخانەكانی شاری زاخۆوە تووشی ژەهراویبوون بوون.

زیاتر گوتی، ڕێكاری یاسایی توند بەرانبەر خاوەنی چێشتخانەكە وەرگیراوە و بەپێی یاسای تەندروستیی گشتی، چێشتخانەكە داخرا و نموونەی خواردنەكانیش ڕەوانەی تاقیگە كراون بۆ دیاریكردنی هۆكاری سەرەكیی ژەهراویبوونەكە.

لەبارەی دەرئەنجامی پشكنینەكان وەزیری تەندروستی رای گەیاند، ماوەی سێ ڕۆژی پێویستە تا دەرئەنجامەكەی دەردەچێت، هاوكات سەرجەم نەخۆشەكان لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی زاخۆ چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجام دراوە.

باسی لەوەش كرد، زۆربەی ئەو كەسانەی تووشی ژەهراویبوون بوون، ڕەوانەی ماڵەوە كراون تەنیا چوار كەسیان نەبێت لە ژێر چاودێری ماونەتەوە.

ئێوارەی دوێنێ‌ 75 هاووڵاتی بەهۆی ژەهراویبوون لە زاخۆ، بەپەلە گەیەنرانە نەخۆشخانەكان و تەندروستییان تێكچوو.



وشە - رامیار جەواد