شێوازی جلوبەرگی قوتابخانەكان بۆ ساڵی نوێ‌ گۆڕا

:: AM:11:05:23/04/2026 ‌
وەزیری پەروەردەی هەرێم بڕیارێكی نوێی لەبارەی شێوازی جلوبەرگی قوتابیان دەركرد، هۆشداریی توندیش دەداتە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان كە ڕێگری بكەن لە هەر جۆرە بازرگانییەك و ناچاركردنی دایك و باوكان بۆ كڕینی جلوبەرگ لە كۆمپانیایەكی دیاریكراو. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی نیسان، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، شێوازی جلوبەرگی ساڵی نوێی خوێندن گۆڕاوە، هیچ بەڕێوەبەرێكی قوتابخانە مافی ئەوەی نییە ڕێنوێنیی دایك و باوكی قوتابیان بكات یان ناچاریان بكات، بۆ كڕینی جلوبەرگ ڕوو لە كۆمپانیایەكی دیاریكراو بكەن.

زیاتر گوتی، ئەو جلوبەرگانەی دیارییان كردووە لە هەموو شوێنێك دەست دەكەون، نابێت كڕینیان سنووردار بكرێت بۆ شوێنێكی تایبەت.

وەزیری پەروەردە باسی لەوە كرد، جلوبەرگی نوێ تەنیا یەك لۆگۆی لەسەر دەبێت كە ئەویش لۆگۆی وەزارەتی پەروەردەیە، هیچ قوتابخانەیەك بۆی نییە لۆگۆی تایبەتی خۆی لەسەر جلەكان دابنێت بە مەبەستی بازرگانی. 

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش كرد، لە ناو پرۆسەی دابینكردنی جلوبەرگی قوتابخانەدا، هەر كەسێك بیەوێت بازرگانی بكات، مافی ئەوەی نییە لە رێنوێنییەكانی وەزارەت دەربچێت، ئەم بڕیارە هەموو ناوەندەكانی خوێندن دەگرێتەوە و ئامانج لێی كەمكردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی خێزانەكان. 

ڕەنگی جلوبەرگەكان بەپێی قۆناغەكان بەم شێوەیە دەبێت:

  - باخچەی ساوایان: تیشێرتی نارنجی و پانتۆڵی نیلی.

  - قۆناغی 1 تا 6 ی بنەڕەتی: تیشێرتی مارۆنی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.

  - قۆناغی 7 تا 9 ی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلی و پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەساسی.

  - قۆناغی 10 تا 12 ی ئامادەیی: تیشێرتی ڕەساسی و پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەش.



وشە - رامیار جەواد