دوای گوشار و مانگرتن لەدژی كوڕانی تاڵەبانی، ئەمڕۆ بەناچاری بڕیار درا كە دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و براكەی بگوازرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی نیسان، سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵباتی لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ـی راگەیاند، پیش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای گوشارێكی زۆر، بڕیارێك درا.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ بڕیاری فەرمی دەرچوو و دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و براكەی گواسترایەوە، دۆسیەكەیان لە دادگای ئاسایشەوە نەما و ئاراستەی دادگای تاوانەكان كرا.
ماوەی چوار رۆژە لاهوور شێخ جەنگی و براكەی مانیان لە خواردن گرتووە، بەهۆی ئەو گوشارەوە سەرانی یەكێتی بەڵێنیان پێدان دۆسیەكەیان كاری لەسەر بكرێت.
ڕۆژی دووشەم موحسین خۆشناو پاسەوانی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی، لەگەڵ 11 گیراوی تری لالەزار ئازاد كران.
دوێنێ بەرەی گەل لە بانگەوازێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، داوا لە ئەنجوومەنی دادوەری لە عێراق و كوردستان دەكەین، گوشار دروست بكەن و رێككاری یاسایی لەسەر دادگای سلێمانی دروست بكەن، بۆ ئەوەی دۆسیەی گیراوانی لالەزار لە ژێر هەژموونی كەسی و حزبی بێتە دەرەوە.
بەرەی گەل كە ئێستە سەرۆكەكەیان لە گرتووخانەی یەكێتییە رایان گەیاند، لە رۆژی 19ی ئەم مانگەوە هەریەكە لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستیان بە مانگرتن كردووە، ئەوان داواكارییان ئەوەیە دۆسیەكانیان بە گوێرەی یاسا یەكلا بكرێتەوە، بۆ ئەوەیش پێویستە نوێنەری وڵاتان هەنگاوی رژد بنێن.
هەروەها دەڵێن، پێویستە دەسەڵاتی یەكێتی كۆتایی بەو بەم تاوانە گەورە بهێنێ كە بەرانبەر لایەنگرانی بەرەی گەل دەیكات، لە كاتێكدا لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای ئەفسەری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن و نابێت بەمشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.