لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەولێر بەڕێوەچوو.
پارێزگاری هەولێر دووپاتی لە فەرمان و راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ستراتیجیی و گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی ژینگە، وەك بنەمایەكی سەرەكی بۆ بەردەوامیی ژیان كردەوە و گوتی، پاككڕاگرتنی ژینگە بەشێكی دانەبڕاوە لە تەندروستیی گشتی، پاراستنی سروشتی كوردستانیش ئەمانەتێكی مێژوویی و بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانی و ئەخلاقییە لەسەر شانی هەموو تاكێكی كۆمەڵگە.
وەك لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەیدا هاتووە، دواتر تیشكی خستە سەر دەستكەوتە ژینگەییەكانی هەولێری پایتەخت و ڕای گەیاند، بە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەهۆی جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیجییەكانی وەك "پشتێنەی سەوزایی"، "پڕۆژەی ڕووناكی"، چاندنی نەمام و فراوانكردنی ڕێژەی سەوزایی و دروستكردنی پۆندەكان، كوژاندنەوەی ڕێژەیەكی زۆری مولیدەكان و وەرگرتنی رێوشوێن لەگەڵ ئەو ئۆتومبێلانەی كە هۆكاری پیسبوونی ژینگە بوون، هەنگاوی گەورە نراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەنجامی بڕیار و ڕێنوێنییەكان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و ئەو سەرچاوانەی دەبوونە هۆی تێكدانی كوالێتیی هەوا، هەوای هەولێری پایتەخت بەپێی ستانداردە جیهانییەكان پاك بووەتەوە و كوالێتییەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە. لەوبارەیەشەوە داوای لە سەرۆكایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین و ناوەندە ئەكادیمیەكان كرد، بە ئەنجامدانی كۆنفرانسی زانستی و پیشكەشكردنی توێژینەوەی تایبەت ئەو گۆڕانە گەورەیە بخەنەڕوو.
پارێزگاری هەولێر هەروەها دووپاتی كردەوە، ئامانجیانە هەولێر وەك شارێكی نموونەیی و ژینگەدۆست لەسەر ئاستی ناوچەكە بمێنێتەوە و داواشی لە هاووڵاتییان كرد، وەك ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقی هاوكاری داودەزگا فەرمی و نیشتمانییەكان بن بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی كوردستان.