ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، بەشی پێشبینیی کەشوهەوا لە دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ڕای گەیاند کە لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین وڵات دەگرێتەوە و تا ڕۆژی سێشەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی چینەکانی سەرەوەی کەشوهەوا و بوونی شێی پێویست.
بەپێی ڕاپۆرتێکی بەشەکە کە دەست "وشە" کەوتووە، شەپۆلەکە بەشێوەی تاوەبارانی بەهاریی پچڕپچڕ و جیاواز دەبێت، کە هەندێک جار دەبێتە بارانی بەلێزمە لەگەڵ هەورەترشقە، چالاکبوونی با و ئەگەری بارینی تەرزەش لە هەندێک ناوچە هەیە. ئەمڕۆ هەینی، بارانبارین لە ناوچەکانی باکووری وڵات، ڕۆژئاوای ئەنبار و بەشێک لە باشووری ڕۆژئاوا دەست پێ دەکات، سبەی شەمووش ناوچە جیاجیاکانی وڵات دەگرێتەوە. لە ڕۆژانی یەکشەم و دووشەمدا کاریگەریی شەپۆلەکە قووڵتر دەبێتەوە و ئەگەری بارانی بەلێزمە زیاتر دەبێت.
لەلایەکی ترەوە، سادق عەتیە شارەزای کەشوهەوا لە پۆستێکدا ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای نزیکبوونەوە لە وەرزی هاوین، بەڵام تا ئێستە کەشوهەوای عێراق بەراورد بە تێکڕای کەشوهەوای مانگی نیسان تا ڕادەیەک مامناوەندە. ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی "شەپۆلە بەرزەکان" و هاتنی بارستەهەوای "تا ڕادەیەک سارد" بۆ چینەکانی سەرەوەی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە.
عەتیە ڕوونی کردەوە کە کشانەوەی ڕێژەیی پاڵەپەستۆی بەرزی نیمچە خولگەیی، ڕێی گرتووە لە دروستبوونی "گومەزی گەرمی"، ئەمەش بووەتە هۆی نوێبوونەوەی چالاکیی هەورەکان و ئەگەری تێکچوونی کەشوهەوا ناوبەناو، لەبری ئەوەی کەشوهەوایەکی جێگیر و گەرم باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.
لە کۆتاییدا ئەو شارەزایە پێشبینیی کرد کە ئەم دۆخە لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو تا ناوەڕاستەکەی دووبارە ببێتەوە، کە ئەوەش دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ هاتنی شەپۆلی سارد بۆ ناوچەکە.