بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك بڕیارە بەم نزیكانە دەست بكرێت بە دروستكردنی سایلۆیەكی نوێ و دوو سایلۆش لە قۆناغی دروستكردندان.
ئەمڕۆ شەموو 25ـی نیسان، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە "وشە"ـی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەیە سایلۆی زیاتر دروست بكات.
زیاتر گوتی، لە ئێستە سێ سایلۆی دیكە دروست دەكرێن، لەوانە دروستكردنی سایلۆی هەڵەبجە لە قۆناغی كۆتایی دایە و ساڵی داهاتوو دەكەوێتە كار، سایلۆی زاخۆ دەست بە دروستكردنی كراوە كە 60 هەزار تەن دەگرێت.
باسی لەوەشكرد، سایلۆی كۆیە هەموو ڕێكارەكانی تەواو بووە و لە نزیكترین كات دەست بە دروستكردنی دەكرێت.
شوان غەفووری شارەزای ئابووری، بە "وشە"ـی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت لە سەر ڕووبەری 25 دۆنم زەوی سایلۆیەكی گەورە لە كۆیە دروست دەكرێت.
زیاتر گوتی، ئەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت بۆ جووتیارانی سنووری كۆیە و تەقتەق سایلۆیەكی گەورە لەسەر ڕووبەری 25 دۆنم زەوی دروست دەكرێت، زەوی و شوێنی پێویستی بۆ پڕۆژەكە تەرخانكراوە و لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ دەكرێت و دەتوانێت زیاتر لە 40 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت ئەمەیش بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراكە.