داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دێتە ناردن

:: PM:01:06:25/04/2026 ‌
بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئامادەكاری دەكرێت بۆ هەناردەی داهاتی ناوخۆ و هیچ كێشەیەك بۆ مووچە نییە.

ئەمڕۆ شەموو 25ـی نیسان، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری رای گەیاند، لیستی مووچەی مانگی چوار نێردراوە و بە ناردنی نووسراوێكی وەزارەتی نەوت پارەی مووچەخۆران خەرج دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئامادەكاری دەكرێت بۆ ناردنی پشكی داهاتی ناوخۆ بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.

باسی لەوەشكرد، لیژنەكان بەردەوامن لە كاركردن بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكوودا لە دەروازە گومرگییەكاندا.

دەشڵێت، هەفتەی رابردوو شاندێكیان لە بەغدا بووە و تێگەیشتنێكی باش لەسەر كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ هەیە بەهۆی كەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكان، هەروەها بەغدا داوای جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكوودای تایبەت بە یەكخستنی گومرگەكانی كردووە و لیژنەكان بەردەوامن لە كاركردن لەسەری.



وشە - رامیار جەواد