بەهۆی بڕیارێكی عێراق تووشبووانی هیمۆفیلیا لە كوردستان تووشی كێشە بوونە، نرخی دەرزییەك گەیشتە 400 دۆلار و كە بەشێكیان هەفتانە و بەشێكیان مانگانە پێویستیان پێیەتی.
ئەمڕۆ شەموو 25ـی نیسان، شوان بەكر ئەندامی كۆمەڵەی هیمۆفیلیا، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی بڕیاری عێراق كە دەرزی هیمۆفیلیا بۆ كوردستان نانێرێت ئێستە نرخی ئەو دەرزییە نزیكە لە 400 دۆلار.
زیاتر گوتی، عێراق هیچ دۆخێكی تووشبووانی هیمۆفیلیا لەبەرچاو نەگرتووە ئەو بڕیارەی داوە و ئێمەیش هۆكارەكەی نازانین.
زانیار عادل سەرۆكی كۆمەڵەی هیمۆفیلیا (خوێنبەربوونی بۆ ماوەی)، رای گەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی نەمانی دەرمان و چارەسەرەوە، ژیانی سەدان نەخۆش كەوتووەتە مەترسییەوە.
زیاتر گوتی، دەرزی ئەم نەخۆشییە پێشتر لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دابین دەكران و لە ڕێگەی نەخۆشخانەی هیواوە بەسەر نەخۆشەكاندا دابەش دەكران، بەڵام ئێستە بە پاساوی قەیرانی دارایی و پەسەند نەكردنی بودجە ڕەوانەكردنی دەرمانەكان ڕاگیراوە
ناوبراو داوایەكی ئاڕاستەی نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد كە بە زووترین كات بێنە سەر هێڵ و گوشار بخەنە سەر حكوومەتی ناوەندی بۆ ناردنی دەرمانەكان.
دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە لەسەر ژیانی سەدان هاووڵاتی كە توانای كڕینی ئەو چارەسەرە گرانبەهایەیان نییە.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی هەزار نەخۆش لەو چارەسەرەی پێویستە و لە ئێستەدا پێدانی ئەو دەرمانە لەلایەن عێراقەوە بە ئەنقەست بۆ كوردستان راگیراوە، لە نەخۆشخانەكانی عێراق دابەش دەكرێت.