حەملان: هیچ كێشەیەك لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی نیسان نییە

:: PM:04:37:25/04/2026 ‌
یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، هیچ كێشەیەك لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا نییە.

ئەمڕۆ شەموو 25ی نیسان، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بە پرسی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرد و گوتى، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوو نێردراوەتە بەغدا، نووسراوێك ماوە كە دەبێ وەزارەتی نەوتی عێراق  بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی بنێرێ‌. 

دووپاتی كردەوە، لە سبەی یەكشەمەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ دابینكردنی ئەو بڕە داهاتە ناوخۆییەی كە دەبێ بۆ ناردنی مووچە، بیخاتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی عێراق. ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە هیچ كێشەیەك لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی نیساندا نییە. 

لەبارەی داهاتی ناوخۆ كە 120 ملیار دینارەكە بەهۆی كەمبوونەوەی داهات ئامادە ناكرێ‌، حەملان گوتی، بڕە پارەكە بۆ مانگی چوار هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە، بەڵام بێگومان عێراق داوای 120 ملیار دینارەكەی خۆی دەكات، هەرچەندە هەندێك لێكتێگەیشتن لەوبارەوە هەیە.


وشە - وشه‌