لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدۆیەكی بەڵگە لەسەر ئەوەی كە دژەتیرۆری یەكێتی چەكەكانی ئەمەریكای دزیوە، ئەمڕۆ بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی كە لە ڕێی نووسینگەكەیەوە دەرچووە، دەستاودەست بەو دۆسیەیە كرا.
زانیارییەكە كە گەیشتووە بە "وشە" بەمشێوەیە: لە ماوەی ڕابردوودا وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری یەكێتی سەرپەرشتیی ئەو چەكە دزراوانەی ئەمەریكای دەكرد، ئەوەیش هۆكار بوو كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەو بە هیچ شێوەیەك دەرنەكەوێ لە كاتێكدا پێشتر بەردەوام لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەردەكەوت.
هەرچەندە "وشە" بڵاوی كردەوە كە شەوی ڕابردوو دژەتیرۆر و نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی نەخەوتوون بەهۆی بڵاوكردنەوەی بەڵگە ڤیدیۆی چەكە دزراوەكان، بەڵام ئەمڕۆ بڕیارێكی تر دەرچووە.
بڕیارەكە ئەوەیە كە لەپاڵ وەهاب هەڵەبجەیی، لەشكر پشدەری جێگری وەهاب هەڵەبجەییش بێتە ناو دۆسیەكەوە و بە هەردووكیان سەرپەرشتیی دۆسیەی چەكە دزراوەكان بكەن، ئەوەیش وەك رێكخستنەوەیەك بۆ هەر ئەگەرێك كە دێتە پێشەوە.
بابەتی چەكە دزراوەكانی ئەمەریكا لای خەڵكی ناڕوون بوو لە دوای لێدوانەكەی ترەمپ كە گوتی چەكی بۆ خەڵكی ئێران ناردووە، بەڵام حزبێكی كوردی لای خۆی گڵی داوەتەوە و دزیویەتی ئەوەیش بێ سزا تێپەڕ نابێت. بەڵام شەوی ڕابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە دەردەكەوێ چەكەكانی ئەمەریكا لە بارەگایەكی دژەتیرۆری یەكێتییە، ئەوە بە تەواوی یەکلا بووەوە.