گۆڕانكاری كەشوهەوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووانی نیگەرانەكردووە، بارانبارینی زۆریش وایكردووە بە ئاشكرای ئەو گۆڕانكارییە دەركەوێت، ئەندازیارێكی سەرچاوەكانی ئاویش دەڵێت دەبێت سیاسەتی بەرێوەبردنی ئاو بگۆڕِدرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسان، رێبوار خۆشناو شارەزای كەشوهەوا و مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو گۆڕانكارییەی لە كەشوهەوت هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست جێی نیگەرانییە و دەبێت خێرا وڵاتان خۆیان بۆ ئامادە بكەن.
زیاتر گوتی، بارانی بەخور وای كردووە ئیتر بیر لە بەرگری لە لافاو بكرێتەوە نەوەكو بنیاتی بەنداو بۆ كۆكردنەوەی ئاوەكە، هەروەها ئەوەی جێی دڵخۆشییە لە هەرێمی كوردستان بەنداو و پۆند دروست دەكرێت كە ئەمەیان رێگا راستەكەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گۆڕانكاریانە.
ئوسامە خەسرەو مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی سەرچاوەكانی ئاو لە كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سەلاحەدین رای گەیاند، لە ئێستەدا، ئاوی بەنداوی دوكان نزیك دەبێتەوە لە ئاستی سەر ڕێژبوون (overflow) و ئەوەی باس دەكرێت نزیكەی چوار مەتر ماوە بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم سەر ڕێژ ببێت.
زیاتر گوتی، ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوەیە كە تەنیا ساڵێك پێش ئێستە بەنداوەكە بە یەكێك لە وشكترین قۆناغەكانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕی، بە شێوەیەك كە نزیكەی ملیارێك مەتر سێجا ئاوی تێدا مابوو لە كۆی شەش ملیار مەتر سێجا، وە لەو بەشەش تەنیا 300 ملیۆن مەتر سێجا بە چالاكی دەتواندرا بەكاربهێنرێت.
باسی لەوەشكرد، ئەم گۆڕانكارییە خێرا لە نێوان ساڵێكی تەواو وشك و ساڵێكی پڕ باران، نیشانەیەكی باش نییە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە گۆڕانی كەشوهەوا و جیاوازی بارانبارین بە شێوەیەكی بەرچاو ڕوودەدات، وە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر سەرچاوەكانی ئاو و سیستەمی بەڕێوەبردنیان.
ئاماژە بەوەش دەكاات، پێویستە بە شێوەیەكی زانستیتر و بەڕێوەبردنی باشتر لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە هەڵسوكەوت بكەین، چونكە ئەوەی ئێستە دەبینرێت تەنیا دیاردەیەكی ساڵانە نییە، بەڵكو ئاگادارییەكی جدییە بۆ داهاتووی سەرچاوەكانی ئاو.