وردبینی لە دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی دەستی پێ‌ كرد

:: PM:12:28:26/04/2026 ‌
دوای گواستنەوەی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی لە ئاسایشەوە بۆ دادگای تاوانەكان لە سەعات 11 ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وردبینی لە دۆسیەكەی دەستی پێ‌ كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسان، دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دادوەر لە دادگای تاوانەكانی دووی سلێمانی دەست بە وردبینیكردنی دۆسیەكە دەكات.

زیاتر گوتی، ئەگەر دۆسیەكە كەموكوڕییەكی ئاسایی تێدا بێت، دادگا خۆی چاكی دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر كەموكوڕییەكان جەوهەری و بنەڕەتی بن، ئەوا دۆسیەكە جارێكی دیكە رەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەكرێتەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كەموكوڕییانە.

هاوكات رۆژی پێنجشەم خانەوادەی لاهوور شێخ جەنگی رایان گەیاند، ئەگەر دەركەوت دۆسیەكە هیچ جۆرە كەموكوڕییەكی یاسایی تێدا نییە، ئەوا رێكارەكان بەو ئاراستەیە دەبن كە دۆسیەكە بە مەبەستی بڕیاری كۆتایی رەوانەی دادگای تەمیز بكرێت.

رۆژی پێنجشەم 23ـی نیسان، سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵباتی لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"ـی راگەیاند، پیش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای گوشارێكی زۆر، بڕیارێك درا.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ بڕیاری فەرمی دەرچوو و دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و براكەی گواسترایەوە، دۆسیەكەیان لە دادگای ئاسایشەوە نەما و ئاراستەی دادگای تاوانەكان كرا.

ماوەی چوار رۆژە لاهوور شێخ جەنگی و براكەی مانیان لە خواردن گرتووە، بەهۆی ئەو گوشارەوە سەرانی یەكێتی بەڵێنیان پێدان دۆسیەكەیان كاری لەسەر بكرێت.

ڕۆژی دووشەم موحسین خۆشناو پاسەوانی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی، لەگەڵ 11 گیراوی تری لالەزار ئازاد كران.

‌ بەرەی گەل لە بانگەوازێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، داوا لە ئەنجوومەنی دادوەری لە عێراق و كوردستان دەكەین، گوشار دروست بكەن و رێككاری یاسایی لەسەر دادگای سلێمانی دروست بكەن، بۆ ئەوەی دۆسیەی گیراوانی لالەزار لە ژێر هەژموونی كەسی و حزبی بێتە دەرەوە. 

بەرەی گەل كە ئێستە سەرۆكەكەیان لە گرتووخانەی یەكێتییە رایان گەیاند، لە رۆژی 19ی ئەم مانگەوە هەریەكە لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستیان بە مانگرتن كردووە، ئەوان داواكارییان ئەوەیە دۆسیەكانیان بە گوێرەی یاسا یەكلا بكرێتەوە، بۆ ئەوەیش پێویستە نوێنەری وڵاتان هەنگاوی رژد بنێن. 

هەروەها دەڵێن، پێویستە دەسەڵاتی یەكێتی كۆتایی بەو بەم تاوانە گەورە بهێنێ‌ كە بەرانبەر لایەنگرانی بەرەی گەل دەیكات، لە كاتێكدا لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای ئەفسەری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن و نابێت بەمشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.



وشە - رامیار جەواد