بڕیار درا وەك خزمەتگوزاری سێ وێستەگەی كارەبا دابنرێت، دانانی ئەم سێ وێستگانەش بە تێچوونی نزیكەی 100ملیار دینار لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانە دێت بۆ بنیاتنانی ژێرخانی كارەبا.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسان، كەمال محەمەد وەزیری كارەبا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسە ئیدارییەكانی هەولێر كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی سێ وێستگەی 132كەی ڤی كارەبا كرا، كە بڕیارە لە ناوچەكانی تیمار و شەمامك و هەشتی حەسارۆك دابنرێن.
وەزیری كارەبا دووپاتی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژەی كردەوە كە لە سەردەمی كابینەی نۆیەم، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جێبەجێ كراوە.
دانانی ئەم سێ وێستگانەش بە تێچووی نزیكەی 100ملیار دینار، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانە دێت كە بۆ بنیاتنانی ژێرخانی كارەبا و فراوانبوونی شار و زۆربوونی پێداویستییەكان و پڕۆژەی ڕووناكی لە شاری هەولێر و دەوروبەری گرنگە.
هەر ڕاستەوخۆ دوای كۆبوونەوەكە تیمە پێوەندارەكان دەستیان بەكارەكانیان بۆ جێبەجێكردنی هەرسێ پڕۆژەكە كرد.