كۆگەكردنی ئاو لە بەنداوی گۆمەسپان بەردەوامە، بەڕێوەبەری بەنداوەكەش دەڵێت، ئەمساڵ هیچ بڕە ئاوێك بەرنادەینەوە و چاوەڕوانین ساڵی داهاتوو پڕ بێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسان، زمناكۆ سامی بەڕێوەبەری بەنداوی گۆمەسپان، بە "وشە"ـی راگەیاند، تا ئەمڕۆ 30%ـی بەنداوی گۆمەسپان ئاوی تێدا گلدراوەتەوە كە دەكاتە نزیكەی 25 ملیۆن مەتر سێجا ئاو.
زیاتر گوتی، قووڵیی بەنداوەكە ئاو لە بەنداوەكە ئێستە نزیكەی 40 مەترە، هەروەها كاتی بارانبارینی ئەمساڵ بەرەو كۆتایی دەچێت، بۆیە ئەگەر هەیە ملیۆنێك بۆ ملیۆنێك و نیو مەتر سێجا ئاو زیاد بكات بگاتە 26 ملیۆن و نیو مەتر ئاوی سێجا ئاو.
باسی لەوەش كرد، ئەمساڵ هیچ بڕە ئاوێك لە بەنداوەكە بەرنادرێتەوە، چونكە دەمانەوێت سەرڕێژ نەبێت ئێمە ئاو بەرنادەینەوە تا بزانین هیچ كێشەیەك لە پێكهاتەكەی هەیە یان نا، بۆیە بەهیواین ساڵی داهاتوو وەك ئەمساڵ بارانبارین زۆر بێت و بەنداوەكە سەرڕێژ بێت.
روونی كردەوە، ئێستە پانتایی ئاو لە بەنداوەكەدا دوو كیلۆمەتر دووجایە و بەردەوام ئاستی ئاو بەرز دەبێتەوە.
بەنداوی گۆمەسپان گەورەترین بەنداوە لە سنووری پارێزگای هەولێر و سێیەمینە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە دوای هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تێچووی پڕۆژەكە 95 ملیار دینار بوو و بەرزییەكەی 70 مەتر و درێژییەكەی 512 مەترە، توانای گلدانەوە و ئەمباركردنی 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بارانی هەیە، رووبەرەكەی شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر سێجایە، رۆڵێكی گرنگی لە پاراستنی سامانی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی دا دەبێت، دەشبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر و كەرتی گەشتیاریش لە هەرێم زیاتر دەبووژێنێتەوە.
بۆ ئاسانی هاتوچۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان جوانترین پرۆژەی رێگاوبانی بەدەوری بەنداوەكە دروست كردووە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپ جێبەجێ كرا.
ڕێگەی بەنداوی گۆمەسپان- سماقوڵی 24 كیلۆمەتری دووسایدە، زیاتر لە 10 ملیۆن مەتر سێجا، كاری بڕین و پڕكردنەوە لە شوێنە زۆر سەختەكان ئەنجام دراوە، شەش ژێر پرد و سێ بەرزە پرد و 70 ئاوبەری سندووقی لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكانی ڕێگە وەك دیواری پاڵپشت و پەرژین و هێماكانی هاتوچۆ و هێڵكاری لەخۆ دەگرێت.
پڕۆژەی ڕێگەی بەنداوی گۆمەسپان- سماقوڵی، بە 210 ملیار دینار، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك پڕۆژەیەكی ستراتیجیی بواری ڕێگەوبان لە هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی شار و ناوچەكان بە یەكتر، جێبەجێ كراوە.