بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراكی هەولێر هاووڵاتییان ئاگەدار دەكاتەوە

:: PM:06:54:26/04/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی ڕێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، تایبەت بە مامەڵەی سڕینەوەی ناوی كۆچكردوو و جیابوونەوەی هاوسەران، ئاگەدارییەكی بڵاو كردەوە. 

لە ئاگەدارییەكەدا، داوا لە هاووڵاتییان كراوە ئەوانەی هەریەك لەم مامەڵانەیان /تەڵاق یان مردن/یان هەیە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بكەن بۆ ڕاییكردن و جێبەجێ كردنی مامەڵەكانیان.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، پێداویستییەكانی مامەڵەی مردن بریتییە لە وەفاتنامەی ڕەسەن و كارتی نیشتمانیی كەسی كۆچكردوو و  پسوولەی خۆراكی پێشوو.

لەبارەی ئەوانەیشی مامەڵەی تەڵاقیان هەیە، پێویستییەكانیان بریتیی دەبێت لە تەڵاقنامەی ڕەسەن كە دەبێت ڕێکەوتى ڕاستاندنی ساڵی 2026ی لەسەر بێت و كارتی نیشتمانیی كەسی جیابووەوە و پسوولەی خۆراك، ئەگەر پسوولەی خۆراكەكەی لەلا نەبوو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكە شوێنگرەوەیەكی بۆ چاپ دەكرێ.

لە كۆتاییشدا دووپات لەوە كراوەتەوە، هەردوو مامەڵەی سەرەوە دەتوانرێ لە ئەپلیكەیشنەكان بە شێوازی ئەلیكترۆنی ئەنجام بدرێ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكە.


وشە - وشه‌