محەمەد رەوف هەمووشتێك لەبارەی پلانی سەر لاهور و هۆتێل لالەزار ئاشكرا دەكات

:: AM:09:01:27/04/2026 ‌
رۆژنامەنووسێكی سلێمانی لەبارەی پەلاماری هۆتێل لالەزار و گورپەكەی لاهور رای گەیاند، ماوەیەكی زۆر پێش هێرشەكەی سەر لالەزار، رۆژێك بافڵ تاڵەبانی هاتەلامان و گوتی، تەمەنا دەكەم لاهور ئەوكاتەی پەلاماری دەدەین، بەرگری بكات.

محەمەد رەوف لەبارەی گیرانی لاهوری شێخ جەنگیی و مانەوەی لە گرتوخانە و دادگای نەكردنی، لە گفتوگۆیەكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند، لە رێورەسمی دەستبەكاربوونی كونسوڵی نوێی ئەمەریكا بانگێشت كرابووین بافڵ تاڵەبانیش لەوێ بوو، لەدوای رێورەسمەكە بەسەر مێزەكاندا دەگەڕا و دواتریش هاتە لای ئێمە.

محەمەد رەوف رای گەیاند، كە هاتە لای من و بەرێوبەری كەناڵی زووم و رەحمان غەریب گوتی، تەمەنا دەكەم كە پەلاماری لاهورماندا پیاوبێت بەرگری لەخۆی بكات، ئەو كات دەزانین چی لێدەكەین.

ئەو رۆژنامەنووسە باس لەوە دەكات، لەوكاتەدا پرسیارمان لێكرد، بەڵام چواردەورەكەی نەیانهێشت زیاتر قسە بكات. بەس دیاربوو دۆخێكی مەترسیدار لەئارادایە و بافڵ پلانی بۆدانابوو.

هاوكات باسی لەوەش كرد، شەوی پێش هێرشەكە بۆسەر لالەزار، من گفتوگۆیەكم لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی كرد، لەو گفتوگۆیەدا باسی لەوە كرد كە چوار ساڵە خەدری لێدەكرێت.

محەمەد رەوف دەڵێت: لاهور گوتویەتی، ئەوان تۆمەتبارم دەكەن بە هەوڵی كودەتا، بەڵام ئەوە من نیم و ئاگام لەو شتانە نییە و ئەوەی خەریكی ئەو كارانەیە خەڵكی ترە لەناو یەكێتییدا، ئەو دۆخە سەختە تەناهییەی سلێمانیشیان بۆ چاوترسێنی من دروست كردووە.

محەمەد رەوف رای گەیاند، لاهور گوتوویەتی، ئەگەر پەلامارم بەن من بەرگری دەكەم  یان دەمكوژن یان دەیانكوژم.

رۆژنامەنووسەكە دەڵێت: ئەوەی كەروویدا لەو شەوەدا لەسلێمانی عەیبەیەكی گەورەبوو، هەموو چاوەڕێمان دەكرد سلێمانی بكەنە پایتەختی رۆشنبیری و ئارامی، بەڵام پایتەختی رۆشنبیریان پڕكرد لە تۆپ و دەبابە و ئەو دۆخەیان خولقاند كە هەمووان بێزی لێدەكەنەوە.



وشە - سۆران عەزیز