بریندارەكانی كەركووك گەیەندرانە هەولێرە و نوێنەری سەرۆكی حكوومەت سەردانی كردن

:: AM:09:30:27/04/2026 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بریندارەكانی شاری كەركووكی كرد كە بەشێكیان گەیەندراونەتە هەولێر.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بە نوێنەرایەتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، برینداری ڕووداوەكەی شاری كەركووك لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر بەسەر كردەوە.

وەزیری تەندروستی پەیامی پەرۆشی و هاوخەمی و ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە سەرجەم برینداران ڕاگەیاند و دووپاتی لەسەر ئامادەیی نەخۆشخانەكان دەربڕی بۆ وەرگرتنی بریندارانی دیكەی ڕووداوی دوێنێ ئێوارەی بارهەڵگرەكەی كەركووك.

لە بەرانبەردا، برینداران و هاوەڵان و كەسوكاری برینداران، ستایش و ڕێز و سڵاو و پێزانینی زۆریان و دەستخۆشیان بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستیە و سوپاسی پەیام و ڕاسپاردەكەیان كرد بۆ ئەم ئامادەیی و پێشوازی و خزمەتگوزاری چارەسەریانە.



وشە - رامیار جەواد