وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكى دەركرد تایبەت بەو بیانیانەی لە رێی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی كردەوە، بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئەو بیانیانەی بە فەرمی و لە ڕێی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بە هەر هۆكارێك نەیانتوانیوە ڤیزەكانیان درێژ بكەنەوە، یان نەیانكردۆتە نشینگە، نشینگەیان هەبووە و بەسەر چووە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6ـی ساڵی 2009).
بڕیارماندا بە:
یەكەم: ئەوانەی دەیانەوێ لە كوردستان بمێننەوە و نشینگەی نوێ دەربكەن یان كارتی نشینگەیان نوێ بكەنەوە، پێویستە لەماوەی (90) ڕۆژی كاركردن سەردانی یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی نشینگە بكەن و تەنیا (25%)ی كۆی گشتی سزاكانی دواكەوتن كە لەڕێنماییمان ژمارە (1ـی ساڵی 2021) هاتووە، لێیان وەردەگیرێت.
دووەم: ئەوانەی دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان بەهەمان شێوەی خاڵی یەكەم مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و مۆری دەرچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی نشینگە وەردەگرن.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ئەم فەرمانە لەڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت و بۆماوەی(90) ڕۆژ بەركار دەبێت لەدوای ماوەی دیاریكراو هەرجۆرە سەرپێچیەكی مانەوە بە پێی ڕێنوێنییمان ژمارە (1ـی ساڵی 2021) مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت .