ماوەی چەند مانگێكی زیادكردنی منداڵ بۆ پسوولەی خۆراك لە عێراق بۆ 10 پارێزگا كارا نەكراوە و هاووڵاتییان لە چاوەڕوانین، بەرپرسێك دەڵێت، بەڵنیان داوە بەم نزیكانە كارا بكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، سیامەند قادر نانەكەلی بەرێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی بڕیاری پێشوو دەبوو لە سەرەتای مانگی سێ زیادكردنی منداڵ بۆ پسوولەی خۆراك لە هەولێر كارا بكرابایە.
زیاتر گوتی، ئێستە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا لە دهۆك و هەڵەبجە كارایە، هەروەها لە زۆرێك لە پارێزگاكانی عێراقیش هێشتا كارا نەكراوە.
باسی لەوەش كرد، بڕیار بوو زووتر لەو كاتەی ئێستە پڕكردنەوە و زیادكردنی منداڵ كارا بكرابایە، بەڵام بەرپرسانی عێراق پێیان راگەیاندووین بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی نەتوانراوە كارا بكرێت.
روونی كردەوە، بە گوتەی بەرپرسانی عێراق كە پێیان گوتووین ئەگەر هیچ گۆڕانكارییەك روونەدات ئەوا بەم نزیكانە زیادكردنی منداڵ لە پسوولەی خۆراك بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی كارا دەكرێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لە ئێستە لە هەشت پارێزگای عێراق پڕكردنەوەی پسوولەی خۆراك كارایە و 12 پارێزگا كاری پێنەكراوە و هاووڵاتییان چاوەڕوانن.