دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ باڵەخانەیەك لە كەركووك رووخا، هێشتا هۆكارەكەی دیار نییە، بەڵام وەستای نەجاڕی باڵەخانەكە هەڵهاتووە و ژمارە تەلەفۆنەكەی داخستووە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" نوێترین گۆڕانكاری لەئاماری قوربانیەكانی رووداوی داڕمانی باڵەخانەیەكی تەواونەكراوی گەڕەكی وەحدەی كەركووك بەرز بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، 19 بریندار و دوو مردوو هەن و حەوت كرێكاری تریش لەژێر داروبەردی باڵەخانە ڕووخاوەكە دەرنەهێنراون.
لای خۆیەوە گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك، بە "وشە"ی گوت، هێشتا گەڕان بە دوای ئەو كەسانە بەردەوامە كە لەژێر داروبەردی باڵەخانە ڕووخاوەكەدان.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەدا دەكەن و پێویستە ئەوە روون بكرێتەوە كە هۆكاری رووخانی ئەو باڵەخانەیە چییە.