هیوا ئەحمەد مستەفا بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی كەركووك-گەرمیان، بە نوێنەرایەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان سەردانی بریندارەكانی رووداوەكەی دوێنێی شارەكەی كرد.
دوێنێ ئێوارە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر لەناو كەركووك كارەساتی نایەوە، بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ هەشت كەس گیانی لەدەست دا و 21ی تریش برینداربوون، جیا لەوەی 35 ئۆتۆمبێلی تر زیانیان بەركەوت.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسان، هیوا ئەحمەد مستەفا بە نوێنەرایەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، سەردانی بریندارەكانی كرد و رای گەیاند، هیواخوازین بریندارەكانی ئەم رووداوە زوو چاك ببەنەوە.
روونیشی كردەوە، بە نوێنەرایەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان سەردانی بریندارەكانی كردووە، دیاریی تایبەتی بۆیان هێناوە.
ئەوەیشی گوت، كە تەواوی دەزگا تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان دەخرێنە خزمەت بۆ بریندارەكان ئەگەر پێویست بكات. هەروەها باسی لەوە كرد، سەردانی ماڵی ئەو كەسانەیش دەكەن كە بەهۆی رووداوەكە گیانیان لەدەست داوە. دووپاتیشی لەوە كردەوە كە هەموومان وەك برا لە كاتی رووداوەكاندا دەبێت ئاگامان لە یەكتر بێت.