وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگەدارییەكی بۆ شوفێرانی بارهەڵگر و بیناسازی بڵاو كردەوە.
وەزارەتەكە رای گەیاندووە، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ و بە مەبەستی رێگریكردن لە كارەساتی نەخوازراو، ئاگەداری شوفێرانی بارهەڵگر و بیناسازی دەكەینەوە كە لە سبەینێوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بیناسازی لە چوار تۆن زیاتر قەدەغەیە بە ژمارەی كاتی كاری گواستنەوەی بار بكات، تا ئەو كاتەی ژمارە كاتییەكەی تۆمار دەكرێت و ژمارە و تابلۆی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە ئەو بارهەڵگرانەش كە تۆماركراون دەبێ بە دروستی و لە كاتی خۆی پشكنینی ساڵانە بۆ دڵنیابوون لە مەرجەكانی سەلامەتی ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە دەست بەسەر بارهەڵگرەكەدا دەگیرێ و سزای دارایی قورس بەسەریان دەسەپێنرێت.
لە كۆتاییشدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و مەفرەزەكانیان رادەسپێرین كە كاری پێویست ئەنجام بدەن.