دابەشكردنی زەوی بەردەوامە، بە گوتەی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، تا ئێستە نیوەی فەرمانبەرانی هەولێر زەوییان وەرگرتووە و ئامادەكاری دەكرێت بۆ دابەشكردنی وەجبەیەكی نوێی زەوی.
ئەمڕۆ سێشەم 28ـی نیسان، كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئامادەكاری و دیاریكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران بەردەوامی هەیە.
زیاتر گوتی، تا ئێستە نیوەی فەرمانبەرانی هەولێر زەوییان وەرگرتووە، بۆیە ئێستە ئامادەكاری دەكەین تا زەوی بۆ ئەوانی تریش دابین بكەین.
باسی لەوەش كرد، ئێستە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ئەوەی قۆناغێكی تری زەوی بۆ دابەشكردن ئەنجام بدەین و ئێستە سەرقاڵی دیاركردنی رێكارەكانین.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" قۆناغێكی تری دابەشكردنی زەوی دوای جەژنی قوربان ئەنجام دەدرێت.
27ی ئایاری ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون. بەپێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر فەرمانبەرێك بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان كارتی زانیاری، 200 مەتر زەوی وەردەگرێت.