پێدانی دوو هەزار دۆلار بە حاجیانی كوردستان دەستی پێ كرد، بەرپرسێكی حەج و عومرەش رای دەگەیەنێت، ئەو پارەیە بە نرخی بانكی ناوەندی دەبێت و سەرجەم حاجیان لێی سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەم 28ـی نیسان، كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئەو كەسانەی ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە، دەتوانن بچن دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی وەربگرن.
زیاتر گوتی، هەر كەسێك دەچێت بۆ وەرگرتنی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندیی، دەبێت ئەم پێداویستییانە ببات، پاسپۆرت و ڤیزەی حەج و دوو ملیۆن و 665 هەزار دینار.
باسی لەوەش كرد، لە بانكی جیهان و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەكانی (A-B)، حاجییەكان دەتوانن دوو هەزار دۆلار وەربگرن، ئەمەیش هاوكارییەكی باشە بۆ حاجیان، چونكە بۆ هەر حاجییەك زیاتر لە 450 هەزار دینار سوودی هەیە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بە هەوڵی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیمان، توانیمان بۆ ئاسانكاریی حاجیانی هەرێمی كوردستان، فڕۆكەیان بۆ دابین بكەین كە لە دەروازەی عەرعەرەوە بیانگەیەنێتە شاری جەدە لە سعوودیە.