مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەك لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆكی حكوومەت كورتەیەكی لەبارەی گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە خستەڕوو.
لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی فیدراڵ، سەرۆكی حكوومەت هیوای خواست، كابینەی نوێ ببێتە مایەی هاتنەئارای سەردەمێكی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەشدا، كە ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین كاتدا، كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێك بهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەكەوێت.
سەرۆكی حكومەت سوپاسی وەبەرهێنەرانی كوردستان و كەرتی تایبەتیشی كرد كە ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان لە پشتیوانیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و بزاڤی بازرگانی لە كوردستان هەبووە.
لە كۆتاییدا، چەندان ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و كێشەكانی پێوەندیدار بە جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی خرانەڕوو، سەرۆكی حكوومەتیش وەڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.