سەرۆك مەسعوود بارزانی بە بۆنەی 59 مین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی "تەئاخی" پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە رۆژنامەكە مینبەرێكی دیار بووە بۆ گوزارشتكركردن لە دادپەوەری دۆزی گەلی كوردستان و پانتاییەك بووە بۆ گفتوگۆی ئازادانە.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ی نیسان سەرۆك مەسعوود بارزانی لە 59 مین ساڵیادی دەرچوونی ژمارە یەكی رۆژنامەی تەئاخی پەیامێكی بە زمانی عەرەبی بۆ رۆژنامەكە ناردووە و تێیدا هاتووە، "بە بۆنەی 59مین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی تەئاخی، پیرۆزبایی پێشكەشی تەواوی ئەو كەسانە دەكەین كە لە كاروانی ئەو رۆژنامەیە بەشدار بوون"
سەرۆك بارزانی لە دەقی پەیامەكەی وەسفی رۆژنامەكە دەكات و دەڵێ، "بۆ دەیان ساڵ سەكۆیەكی دیار بووە بۆ گوزارشتكردن لە دادپەروەری دۆزی گەلی كوردستان، پردێك بووە بۆ گەیاندنی ئەو دۆزە بە رای گشتی عێراقی و عەرەبی، لاپەڕەكانی كراوە بووە بۆ نووسەران و رۆشنبیران و خاوەن بۆچوونەكان، هەروەها پانتاییەك بووە بۆ گفتوگۆی ئازاد و گوزارشتی بەرپرسیانە لە هەموو قۆناغەكاندا"
لە بەشێكی تری پەیامەكەی سەرۆك بارزانی هاتووە، "بەم بۆنەیە یادی پێشەنگان دەكەینەوە كە ئەو شاكارە رۆژنامەوانییەیان دامەزراند، هەروەها بە رەحمەت و رێزەوە یادی كۆچكردووان دەكەینەوە، كۆششی ئەو كەسانەیش بەرز دەنرخێنین لە نووسەران و ئەو كەسانەی كاری تێدا دەكەن و بە دڵسۆزی و پیشەی بەردەوامی بە پەیامەكەی دەدەن".
لە كۆتایی پەیامەكەدا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ رۆژنامەی تەئاخی دەخوازێت و هیوای وایە هەمیشە وەك دەنگێكی ئازادانە و بەرپرسانە بێت لە خزمەتی كوردستان و عێراق و بە هاكانی دادپەروەری و پێكەوەژیان و ئاشتی.
رۆژنامەی "التاخی" رۆژنامەیەكە لە ساڵی 1967 لە بەغدا بە زمانی عەرەبی دەرچوو، یەكەم خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری سەیدا ساڵح یوسفی بوو. ئەم رۆژنامەیە زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئێستەیش دەردەچێت.