پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان و نوخبەی ڕۆشنبیری كرد و داوای لێكردن كۆتایی بە دووبەرەكی بهێنن و یەكگرتوویی بپارێزن.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە ڕاگەیێنراوێكدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەر دەستەبژێری حزبی و بەشێك لە كایەی ڕۆشنبیری و تۆڕەوانەكان، ژیانیان كردبێتە مەیدانی ناكۆكی و دووبەرەكی و دژایەتیی یەكتر، ئەوا كاتی ئەوە هاتووە ئەو ڕێڕەوە بگۆڕدرێت.
ناوبراو جەختی لەوە كردووەتەوە كە نابێت "گوریسی یەكترخستن" لە گەردنی یەكتردا توند بكرێت.
پارێزگاری سلێمانی داوا دەكات ئەم دۆخە ڕاست بكرێتەوە و نەك تەنیا ژیان، بەڵكو كارەسات، نەهامەتی، لێقەومان و تەنانەت مەرگیش بكرێنە دەرفەتێك بۆ بەیەكەوەبوون، سەبووری و پشتیوانیكردنی یەكتر.
هەروەها داوای كردووە كە مەكۆیەك بۆ كۆكبوون و یەكترتەواوكردن دروست بكرێت و هەمووان دوور بكەونەوە لە "خۆپەسەندی، خۆسەپێنی، خۆپەرستی و خۆبەخودازانی".
لە پەیامەكەیدا هاتووە كە پێویستە جیاوازی و ناكۆكییەكان بكرێنە دەرفەتی خۆیەكخستن و گەشەكردن، نەك بۆ سڕینەوە و پاكتاوكردنی یەكتر.
هەڤاڵ ئەبوبەكر هۆشداری دەدات و دەڵێت، كورد دوژمنی زۆرە و دۆستی كەمە، بۆیە ئەگەر كورد خۆی ببێتە دوژمنی خۆی، ئەوا "بنەتۆوەكەشی" نامێنێتەوە و ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون دەبێتەوە.
پارێزگاری سلێمانی بۆ دووپاتكردنەوەی پەیامەكەی، سوودی لە هۆنراوەیەكی قانعی شاعیر وەرگرتووە كە تێیدا دەڵێت: "برا بن، غایەتان یەك بێ، برایی غایە یەكبوونە. ئەوی كۆمەك بە فیكرت بێ لە هەر لا بێ براتانە." بەمەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە ئامانجەكان یەك بخرێن و هەر كەسێك هاوكاری فیكری بێت، بە برا هەژمار بكرێت.