مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزووری سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزووری تۆمەتبارێكیان بەتۆمەتی كوشتنی براكەی گرت.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی نیسان، پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی لە ڕووداوێكدا لەقەزای شارەزوور تۆمەتبارێك بەچەقۆ برایەكی خۆی كوشت، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو لەلایەن تیمەكانی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە ئەنجامدراو لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كرد و دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ تۆمەتبار دەركرد.
باس لەوەشكراوە، سەرەنجام و دوای ناچاركردنی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، تۆمەتباری ڕووداوەكە بەناوی (ئـ، ئـ، ع لەدایكبووی 2006) خۆی ڕادەستی بنكەی پۆلیسی شارەزوور كردو لە ئێستە دا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی (406) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.