رێگەی هەولێر-خەبات تەواو دەكرێت

:: PM:01:36:29/04/2026 ‌
كاركردنە لە رێگەی هەولێر-خەبات بەردەوامە، سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەڵێت، بەپێی ئەو پارەیەی بەردەستمانە بەردەوامین لەكاركردن و هەموو هەوڵێكمان ئەوەیە كە بەزوویی تەواوی بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی نیسان، كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، كاركردن لە رێگەی هەولێر-خەبات بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت ئەو رێگەی بەباشی بەرووی شوفێران بكرێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەو بەشەی ئێستە كاری تێدا دەكرێت تیمەكانی شارەوانی كاری خۆیان دەكەن، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی ئێستە بەردەستە كارەكان كەمێك بەهێواشی بەڕێوە دەچن.

باسی لەوەشكرد، هەموو هەوڵكیان ئەوەیە بەزوویی ئەو بەشەی ماوە تەواوی بكەن و ئەو رێگەیە بكرێتەوە.

پێشتر بڕیاردرا بە دوو قۆناخ رێگەی هەولێر – خەبات نۆژەن بكرێتەوە، سەرەتای كاركردنی قۆناغی یەكەم لە سایدی خەبات - هەولێر نزیك كۆمپانیای رێگا دەست پێ دەكات تا بەرانبەر گومركی سەوزە و میوە بە درێژایی دوو كیلۆمەتر و نیو.

دوای تەواوبوونی قۆناخی یەكەم، ئینجا قۆناخی دووەم دەست پێ دەكات لە سایدی هەولێر بەرەو خەبات لە گومركی سەوزە و میوە تا بەرانبەر كۆمپانیای رێگا.



وشە - رامیار جەواد