ئەمڕۆ چوارشەم 29ی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی چڕی ئەمساڵ و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دروستکردنی پۆند و بەنداوەکانەوە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بووژانەوەیەکی مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە و لە هەندێک ناوچەش 12 مەتر بەرز بووەتەوە.
پارێزگاری هەولێر لە پۆستێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو وەک یەکێک لە وشکترین ساڵەکان لە مێژووی 100 ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرا، بارانی ئەمساڵ لە سنووری هەولێر کە گەیشتووەتە 600 ملم، هاوکێشەکەی گۆڕی و بووە هۆی دووبارە تەقینەوە و بووژانەوەی ئەو کانی و سەرچاوانەی کە چەندان ساڵ بوو وشک ببوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە ئومێد خۆشناو بڵاوی کردوونەتەوە، گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ئاستی ئاو بەپێی ناوچەکان بەم شێوەیەیە:
حەوزی پیرمام – شەقڵاوە: بەرزترین ڕێژەی تۆمار کردووە کە دەگاتە 12 مەتر و نیو.
حەوزی چیای هەریر: ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر لە دوو مەتر زیادی کردووە.
ناو شاری هەولێر: ئاستی ئاوەکە بە بڕی زیاتر لە مەترێک و نیو بەرز بووەتەوە.
لە کۆتاییدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە داوە کە شارەزایان پێیان وایە، ستراتیجی دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە کۆکردنەوەی ئاوی باران و سوودوەرگرتن لێی بۆ تێرکردنی حەوزە ئاوییەکانی ژێر زەوی، ئەمەش مژدەیەکی گەورەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ساڵانی داهاتوو.