"پشتێنەی سەوزایی" قۆناغێكی تێپەڕاند

:: AM:10:36:30/04/2026 ‌
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی كابینەی نۆی بۆ پەرەپێدانی ژینگە و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی، پڕۆژەی ستراتیژیی "پشتێنەی سەوزایی" شاری هەولێر كە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی دەستی پێكردووە، قۆناغی یەكەمی بەرەو كۆتایی دەچێت و ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەم لە تەواوبووندان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ـی نیسان، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، پشتێنەی سەوزایی قۆناغی یەكەم بەرەو كۆتایی دەچێت و ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەم لە تەواوبووندایە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەم پڕۆژە نیشتمانییە لە هەشت قۆناغی سەرەكی پێكدێت، لە ئێستەدا قۆناغی یەكەمی گەیشتووەتە كۆتایی، كە تێیدا زیاتر لە 500 هەزار نەمامی زەیتوون چێندراون كە پۆلێن كراون بۆ دوو جۆری سەرەكی ( خواردنی ڕۆژانە و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون ).

روونكراوەتەوە، لە هەنگاوێكی نوێدا و لە قۆناغی دووەمدا، بڕیار دراوە دارەكان تەنیا بە زەیتوونەوە سنووردار نەبن، بەڵكو نەمامی فستقیش بچێندرێت، ئەمەش هەولێر دەخاتە سەر نەخشەی بەرهەمهێنەرە گرنگەكانی فستق لە ناوچەكەدا.

ئەم پڕۆژەیە خەونێكی دێرینی خەڵكی هەولێرە و بە تەواوبوونی، نەك تەنیا سیمایەكی شارستانی و جوان بە پایتەخت دەبەخشێت، بەڵكو دەبێتە پارێزەرێكی بەهێزی ژینگە و سەرچاوەیەكی گرنگی ئابووری بۆ ناوچەكە.



وشە - رامیار جەواد