لە سبەیەوە هاوردەی كۆمەڵێك بەرهەم قەدەغە دەكرێت

:: PM:02:42:30/04/2026 ‌
بەشێك لە بەرهەمە ناوخۆییەكان پێگەیشتووە، بۆ ئەوەی جووتیاران زیانیان پێنەگات لە كۆتایی سبەی هاوردەی پیاز قەدەغە دەكرێت و پیازی نەجەف پێدەگات و بەشی هەموو عێراق دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ـی نیسان، دانا عەزیز ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەشێكی زۆری بەرهەمی ناوخۆی پێگەیشتووە بۆیە ئێستە هاوردەكردنی زۆرێك لە بەرهەمەكان پێویست نییە.

زیاتر گوتی، ئێستە خەیار و بیبەر و پاقلە و باینجان و كودی بەرهەمی ناوخۆییە و پێگەیشتووە، تەماتەش لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، بەڵام نرخەكەی باش دابەزیوە.

باسی لەوەشكرد، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە لە یەكی ئایار هاوردەی پیاز قەدەغە دەكرێت، ئەوەیش لەبەر ئەوەیە پیاز پێدەگات و پێداویستی ناوخۆ دابین دەكات پێویست ناكات پیاز هاوردە بكرێت، پیازی نەجەف هێندە زۆرە بەشی هەموو عێراق دەكات.

روونیكردەوە، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ تا جووتیاران زیانیان پێنەگات بەپێی رۆژمێری كشتوكاڵی قەدەغەی بەرهەمی كشتوكاڵی دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد