لە هەولێر سێ‌ كرێكار گیانیان لە دەستداوە

:: PM:02:50:30/04/2026 ‌
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای كرێكاران دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سێ كرێكار گیانیان لە دەستداوە و بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە كرێكاران ژیانێكی سەخت بەڕێدەكەن.       

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ـی نیسان، یوسف كەریم سەرۆكی سەندیكای كرێكاران لقی هەولێر، بە 
"وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە كرێكاران ژیانێكی سەخت بەڕێدەكەن و ئەو مووچەیەی كە وەریشی دەگرن ناتوانن پێداویستییەكانی ڕۆژانەیانی پێ دابین بكەن.   

زیاتر گوتی، داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە هاوشێوەی فەرمانبەران، كرێكارانیش شایستەی وەرگرتنی زەوی بن، هەروەها داواكاریشین نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كرێكاران دروست بكرێت. 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گرژی وئاڵۆزییانەی لە ناوچەكەدا هەیە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر كەمبوونەوەی هەلی كاری كرێكاران هەبووە هیوادارین ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت.     

دەشڵێت، هەر كرێكارێك لە شوێنێكدا مافەكانی پێشێلكرا، ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەكەن و ڕێكاری یاسایی دەگرنەبەر.



وشە - رامیار جەواد