ئەمڕۆ هەینی یەکی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، پیرۆزبایی لە گشت کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیهان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانیان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاند کە بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە ڕەنج و ماندووبوونی کرێکاران دەڕوانێت، چونکە ڕۆڵی کارایان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە. هەروەها پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ماف و داوا ڕەواکانی کرێکاران دووپات کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی پێداگری لەسەر پێویستیی پابەندبوونی تەواو بە یاسای کار کردەوە، لەگەڵ دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانە کە تێیدا شکۆ و مافی هەموو کرێکارێک پارێزراو بێت و دڵنیاییی ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکات.
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سڵاوی نارد بۆ گیانی ئەو کرێکارانەی لە کاتی کاردا گیانیان لەدەست داوە. ئاماژەی بەوەش دا کە دەبێت لایەنە پێوەندیدارەکان ئەرکی تەواوی خۆیان جێبەجێ بکەن لە چاودێریکردن و هاوکاریکردنی خێزان و کەسوکاریان و پێشکەشکردنی هەموو پشتیوانییەکی پێویست، لە کۆتاییدا هیوای پشوویەکی ئارام و سەرکەوتنی بۆ هەموو کرێکاران خواست.