ماتۆڕسكیلی تابلۆكراو بەخۆڕایی دابەش دەكرێت

:: AM:09:27:02/05/2026 ‌
لەلایەن كۆمپانیاكانی گەیاندن بۆ كۆنترۆڵكردنی ماتۆڕسكیلی بێ‌ تابلۆ و پابەندبوون بە بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ كە تا چوار ساڵی تر رێگە نادرێت ماتۆڕسكیل داخل بكرێت، ئێستە ماتۆڕسكیلی تابلۆكراوی بێ‌ كێشە بەخۆڕایی بە شوفێرانی گەیاندن دەدرێت.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، ئارام سەید عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی سەلامەتیی هاتوچۆ، بە "وشە"ـی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری داوە رێگە نەدرێت ماتۆڕسكیل تا چوار ساڵی تر داخلی هەرێمی كوردستان بكرێت.

زیاتر گوتی، ئامانج لەو كارە بۆ ئەوەیە تەواوی ئەو ماتۆڕسكیلە بێ‌ سەرەتایانە نەمێنن و ماتۆڕسكیلی تابلۆكراوی ستاندارد داخلی هەرێمی كوردستان بكرێت.

شوان گەردی كارگێڕی یەكێك لە كۆمپانیاكانی گەیاندن، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە ئێستە ماتۆڕسكیلی گەیاندن بۆ ئەو كەسانەی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیلیان هەیە، بەخۆڕایی دابەش دەكەین تا ئەو كاتەی كاری پێ‌ دەكات و لەگەڵمان لە كاردا دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەو ماتۆڕسكیلانە بەپێی ستانداردی وەزارەتی ناوخۆ كڕاون و تابلۆش كراون و بێ‌ كێشەن، نرخیشیان بە تابلۆكراوی دەگاتە سێ‌ ملیۆن دینار.

باسی لەوەش كرد، ئێستە زۆربەی كۆمپانیاكان ئەو ماتۆڕسكیلە بەخۆڕایی بە كارمەندانیان دەدەن، ئەوەیش بۆ دووركەوتنەوە لەو ماتۆڕسكیلە بێ‌ سەرەتایانەیە كە هیچ مەرجێكی سەلامەتیی لێخوڕینیان نەبوو.



وشە - رامیار جەواد