سەرجەم كاروباری تاپۆكردنی زەویی فەرمانبەران تەواو بوو

:: AM:09:43:02/05/2026 ‌
سەرجەم كاروبارەكان بۆ تاپۆكردنی زەویی فەرمانبەران تەواو بوو، ئێستە شارەوانی چاوەڕوانە ئەو زەوییانەی بەسەردا تاپۆ بكرێت و ئەویش راستەوخۆ بیخاتە سەر ناوی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای كارێكی زۆری تیمەكانی ئێمە بە هاوبەشی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان، كاركردن بۆ تاپۆكردنی زەویی فەرمانبەران گەیشتە قۆناغێكی تر.

زیاتر گوتی، زەوییەكانی ئاشۆكان ئێستە سەرجەم رێكارەكانی تەواو بووە، چاوەڕوانین بەمنزیكانە لەسەر شارەوانی تاپۆ بكرێت، دواتر ئێمە فەرمانبەران ئاگادار دەكەینەوە لەسەر ئەوەی بێن مامەڵەكانیان بكەن بۆ تاپۆكردنی خاوەندارییەتی.

باسی لەوەش كرد، وەك پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر دابوو نرخی تاپۆكردنەكانیش دیاری كراوە، تیمەكانی ئێمەیش بەردەوام كار دەكەن لەسەر ئەوەی ئەو زەوییانە بەخێرایی لەسەر كەسی سوودمەندبوو تاپۆ بكرێت.

27ی ئایاری ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون. بەپێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر فەرمانبەرێك بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان كارتی زانیاری، 200 مەتر زەوی وەردەگرێت.



وشە - رامیار جەواد