ماجید مەندەلاوی: فەیلی لە عێراقدا ناسنامەیان نییە و بەهۆی كوردایەتییەوە تووشی قڕكردن بوون

:: PM:12:16:02/05/2026 ‌
كوردانی فەیلی رایان گەیاند، لە پێناوی كوردایەتی لە عێراقدا تووشی زۆر كێشە و كۆچپێكردنی زۆرەملێ و ئاوارەیی بوون، تا ئێستەش كێشەی ناسنامەیان هەیە. 

بەیانیی ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، بە دروشمی "یەكێتیمان لە یەكگرتنماندایە" ماڵی كوردانی فەیلی بە نوێنەرایەتیی سەرجەم فەیلییەكانی عێراق لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و بەغدا و كووت و خانەقینەوە لە شاری هەولێر كۆ بوونەوە.

لە كاتی كۆبوونەوەكەدا، ماجید عەبدولڕەحمان مەندەلاوی سەرۆكی ماڵی فەیلی لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەوان بەپێی ئەو پێویستییانەی هەیانە، كۆمەڵێك داواكارییان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە كۆمەڵێك گیروگرفتیان هەیە، تا ئێستە نەتوانراوە ئەو داواكارییانەیان بۆ جێبەجێ بكرێت، یەكێك لەوانە بەرزكردنەوەی ئاستی كورسیی كۆتاكانی فەیلییە لە پەرلەمانی عێراقدا، تەنیا یەك كورسییان بۆ دیاری كراوە، لە كاتێكدا ئەوان داوای زیاتر لە كورسییەكیان كردبوو، چونكە فەیلییەكان ژمارەیان لە دوو ملیۆن كەس زیاترە، دوای ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق، بەشی زۆریان لەناو بران و بەزۆرەملێ ڕەوانەی وڵاتانی دەوروبەر كران، ئێستەش كێشەی ڕەگەزنامە و باری شارستانییان هەیە.

 گوتیشی: ئەم پەرتەوازەییەی ناوماڵی فەیلییەكان، بووەتە هۆكارێك كە بەشێك لە داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت، بۆیە داوا لە لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد دەكەین، هەوڵێكی رژد بدەن بۆ كۆكردنەوەی هەموو كوردانی فەیلی، چونكە لەگەڵ ئەوەی بە مەزەو شیعەن، بەڵام هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی بۆیان دروست بووە بەهۆی ئەوەوە بووە كە ئەوان كوردن، لە ژێر ناسنامەی كوردایەتیدا ئەو تاوانەیان دەرهەق كراوە."

ماجید مەندەلاوی باسیشی لەوە كرد كە كوردانی فەیلی ئێستەش لە عێراق ژمارەیان لە سەرووی دوو ملیۆن كەسە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەر لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو تا ئەو كاتەی كە ڕژێمی سەدام ڕووخا، چەندان تاوانیان دەرهەق ئەنجام داون كە كاریگەریی سیاسی و داراییان لە عێراقدا هەبووە، هێشتا بەشێك لە سەروەت و سامان و ماڵی كوردانی فەیلی بەتایبەتی لە بەغدا و لە كووت، دەستی بەسەردا گیراوە و دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی سەدام، ئەو ماڵ و موڵكانەیان بۆ نەگەڕێنراوەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز