ئەمڕۆ شەموو دووى ئایارى 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە، تیایدا هاتووە کە وەزارەتەکە سکاڵا لەسەر تەلەڤزیۆن و میوانی بەرنامەیەکیان تۆمار دەکات.
دەقی ڕوونکردنەوەکەى وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان:
لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ 8، بێژەر و کادرێکی حیزبی، گفتوگۆ لەبارەی چەکەکانی ئەمەریکا دەکەن و کادرەکە باس لەوە دەکات گوایە ئەو چەکانە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆگایەکی وەزارەت لە هەولێر دانراون. ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکارین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورە لە راستی.
دیارە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی ڕاستی بابەتەکە و بە باسکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە. بەڵام رۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
بۆیە وەزارەتی ناوخۆ، وەکو مافی خۆی، سکاڵای یاسایی لە سەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکات و پێویستە لەبەردەم دادگە، بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکەش بکەن، ئەگینا دەبێ باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ
دووى ئایاری 2026