سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان رای گەیاند، دەبێت لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە، مادەی 140 و نەوت و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رێككەوتن بكەن، نەك پۆست.
ئەبو كاروان سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان رای گەیاند، ئەوەی ئێستە لە پشت ڕێككەوتنی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ عەلی زەیدی و شیعەكان هەبێت، چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ پاراستنی مافەكانی كوردستانە نەك دابەشكردنی دەسەڵات و بەرژەوەندییە حزبییەكان.
ئەبو كاروان رەخنەی لە لایەنە كوردییەكان گرت كە بەرنامەیەكی ڕوونیان بۆ چارەسەری قەیرانە هەستیارەكانی كوردستان پێ نییە.
هەروەها سەرنجی ڕاكێشا بۆ پشتگیریی پێشوەختەی هەرێمی كوردستان بۆ كاندیدێك كە هێشتا هیچ بەرنامە و هەڵوێستێكی ڕوونی نییە لەسەر بابەتە سەرەكییەكان وەك مووچە، مادەی 140 و نەوت و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەبو كاروان ئاماژەی بەوە دا كە ئەم جۆرەی پشتگیرییەكان دەتوانن دواتر ببنە هۆی كێشە و تاوانباركردن، ئەگەر بە بنەمایەكی ڕوون و یاسایی نەبن. بۆیە بە پێویستی زانی كە لایەنە كوردستانییەكان بە گوتارێكی یەكگرتووەوە بچنە ناو دانوستانەكان و مافە دەستوورییەكان لە پێناو ڕێككەوتنی كاتیدا لە دەست نەدەن.
لە هەمان كاتدا دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێش دەنگدان بۆ متمانەدان، دەبێت ڕێككەوتنێكی سیاسیی ڕوون و نووسراو هەبێت كە پابەندییە یاساییەكان دیاری بكات، گەرەنتیی جێبەجێكردنی مافەكانی هەرێم بدات.
لە كۆتاییدا سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان هۆشداریی دا كە متمانەی سیاسی نابێت بدرێت بە ئەزموونێك، كە هیچ دڵنیاییەكی لەسەر جێبەجێكردنی بەڵێنەكان تێدا نییە، هەر لایەنێك كە بەبێ بەرنامەیەكی دیار پاڵپشتی بكات، دەبێت بەرپرسیاری ئەنجامەكان بگرێتە ئەستۆ.