گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا لەبارەی دۆسیەی گەنمی ئەمساڵ گەیشتە بنبەست، عێراق وەك سزایەك ئامادە نییە لە 292 هەزار تۆن زیاتر گەنمی كوردستان وەربگرێت، بۆیە دۆسیەكە بەكراوەیی ماوە.
ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار، هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، نووسراومان لەبارەی وەرگرتنی گەنم ئاراستەی دەسەڵاتەكانی عێراق كردووە.
زیاتر گوتی، ئێمە سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنمان داچاندووە بە گەنم، پێشبینی بۆ بەرهەمەكەی لە سەرووی دوو ملیۆن تۆنە.
باسی لەوەش كرد، عێراق ئامادە نییە بڕی ئەو گەنمەی هەیە لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، تەنانەت پێشنیاری نیوەی وەرگرتنی گەنمیشیان بۆیان كردووە، بۆیە بۆ بڕیاری كۆتایی ئەو بابەتە دەبرێتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق.
هەرێمی كوردستان ئەمساڵ نزیكەی دوو ملیۆن تۆن گەنمی هەیە، بەڵام عێراق ئامادە نییە ئەو بڕە گەنمە وەربگرێت، ساڵی رابردووش ستەمی لە جووتیارانی كوردستان كرد، كاتێك سەرەتا بڕیار بوو گەنمی تەواوی جووتیاران وەرنەگیرێت، بەڵام دواتر بە بڕیارێكی تر گەنمی تەواوی جووتیارانی خۆی وەرگرت.