مامۆستایەك لە كەلار كە لە هەمان كاتیشدا هەنگەوان بووە، هەنگ پێوەی دەدات و گیان لە دەست دەدات.
ڕەفیق قادر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار ڕای گەیاند، شەوی ڕابردوو كەسێك بەناوی نەجم سابیر، تەمەن 44 ساڵ و دانیشتووی شاری كەلار، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەكەیان گیانی لە دەست داوە.
بەگوێرەی لێدوانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە و گوتەی كەسوكارەكەی، نەجم سابیر هەنگ پێوەی داوە و بەو هۆیەوە باری تەندروستی بە خێرایی تێكچووە. هەرچەندە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەپەلە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتن، بەڵام هەوڵە پزیشكییەكان بێ ئەنجام بوون و گیانی لە دەست داوە.
نەجم سابیر دانیشتووی پڕۆژەی مامۆستایان بووە لە كەلار و پیشەی مامۆستا بووە لە ئامادەیی گەرمیان لە شارۆچكەی ڕزگاری. ئەو جگە لە پیشەی سەرەكی خۆی وەك مامۆستا، سەرقاڵی كاری بەخێوكردنی هەنگ بووە و لە كاتی ڕاپەڕاندنی ئەو كارەیدا هەنگ پێوەی داوە.
پێوەدانی هەنگ بەگشتی سوودی هەیە، شارەزایان دەڵێن، پێوەدانی هەنگ بۆ چەندان نەخۆشی بەسوودە، بەڵام هەندێك جار پێوەدانی هەنگ مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەكات.