پێدانی قەرز و پێشینە لە دهۆك دەست پێ‌ دەكات

:: AM:11:23:05/05/2026 ‌
كۆمەڵێك لە بانكەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق، بۆ هاووڵاتییان و خاوەنكاران بڕیاری پێدانی قەرز و پێشینە بۆ پڕۆژە جیاوازەكان دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، كاوە عەبدولعەزیز  نوێنەری بانكی لە شاری دهۆك، بە "وشە"ـی راگەیاند، 24 بانكی جیاواز لەگەڵ بانكی ناوەندی، بڕیارە قەرز و پێشینە بدەنە پڕۆژە و هاووڵاتییان.

زیاتر گوتی، ئامانجی سەرەكیی ئەم هەنگاوە، ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ هاووڵاتییان، بازرگانان، خاوەن كارگەكان و تەنانەت دەرچووانی زانكۆش، تا بتوانن لە ڕێگەی وەرگرتنی قەرزی بانكییەوە پەرە بە پڕۆژەكانیان بدەن.

باسی لەوەش كرد، بانكەكان بەپێی ڕێنوێنییەكانی بانكی ناوەندی كار دەكەن، بۆیە هەر كەسێك ئارەزووی بەشداریكردن و واژووكردنی گرێبەستی لەگەڵ بانكەكان هەبێت، پێویستە بەڵگەنامەكانی وەك كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری هەبێت.

دەشڵێت، چاوەڕوان دەكرێت ببێتە هۆی كەمكردنەوەی قەیرانی نەختینە و ڕەخساندنی هەلی كاری نوێ بۆ گەنجان، لە ڕێگەی پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكانەوە.



وشە - رامیار جەواد