نێچیرڤان بارزانی: ڕۆڵی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی لە وڵات بەرز نرخاند

:: PM:02:41:05/05/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لەگەڵ دادوەر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سیاسی و گشتیی وڵات تاوتوێ كران. هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بنەمایەكی سەرەكییە بۆ پاراستنی دەسەڵات و دامەزراوەكانی وڵات و سەقامگیری و ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەمووان.

نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی لە پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەكانی وڵات بەرز نرخاند، هەروەها سوپاسی كرد بۆ ڕۆڵی گرنگیان لە چارەسەركردنی كێشەكان و دروستكردنی لێكگەیشتن لە نێوان لایەنەكاندا.

هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی سەروەریی یاسا و كاركردن لە چوارچێوەی دەستووردا كردەوە، وەك تاكە ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات و پاراستنی ماف و شایستە یاساییەكانی هەموو پێكهاتەكان و قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی كوردستان.

بەردەوامی و برەودان بە هاریكاری و هاوئاهەنگی نێوان دەزگا و دامەزراوە دادوەرییەكانی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.



وشە - وشه‌