كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كارەبای كرد. لە كۆبوونەوەكەدا عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوو، باس لە دوا قۆناغەكانی پڕۆژەی ڕووناكی و هەڵسەنگاندنی پڕۆژەكە و پلانی داهاتوو كرا.
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبا، كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی پڕۆژەكانی ژێرخانی كارەبا كە لەگەڵ فراوانبوونی پڕۆژەی ڕووناكی و پێداویستییەكانی هاوبەشانی كارەبا و هەڵكشانی خواست لەسەر كارەبا بگونجێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، كێشە و گلەیی هاوبەشان و پێشنیاری چارەسەركردنیان خرانە ڕوو، لەم ڕووەوە هەموو هەوڵێك دەدرێت بە خێرایی كاری رژدی لەسەر گلەیی و پێشنیارەكان بكرێت.
هاوكات داوا لە هاوبەشانی كارەبا كرا خۆیان لە سەرپێچی و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی و سزاكان بەدوور بگرن، چونكە دواجار سیستمەكە ڕاستەوخۆ هەموو ئەو سەرپێچییانە دیاری دەكات.
پڕۆژەی ڕووناكی وەرچەرخانێكی گەورەیە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و كەمكردنەوەی لۆد و پاككردنەوەی ژینگە، پاراستنی ژێرخانی كارەبا و دادپەروەری لە پێدانی كارەبا، ئێستە نزیكەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی لێی سوودمەندن.