نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكانی ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی پێكهاتەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و دووپات لە گرنگیی مسۆگەركردنی بەشداریی كارایان لە پرۆسەی سیاسی و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانیان كرایەوە.
نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی بەردەوامی خۆی بۆ مافی هەموو پێكهاتەكان دووپات كردەوە، هەروەها ڕای گەیاند، هەرچی لە توانادایە دەیكەن بۆ بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی و كارگێڕیی وڵاتدا كە دەبێتە مایەی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و پرەنسیپەكانی دادپەروەری و یەكسانی.
لای خۆیانەوە، نوێنەرانی پێكهاتەكانیش سوپاس و پێزانینیان بۆ پشتیوانیی بەردەوامی نێچیرڤان بارزانی لە ماف و شایستەكانیان دووپات كردەوە.