حكوومەتی هەرێمی كوردستان و یونیسێف پڕۆژەیەكی ڕیفۆرمی ئاویان دەست پێ‌ كرد

:: AM:09:54:06/05/2026 ‌
تیمەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی یونیسێف و بە پاڵپشتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، پڕۆژەیەكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ نوێكردنەوەی سیاسەتەكانی دابینكردنی ئاو دەست پێ كرد، بە جۆرێك كە سیستمی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە قۆناغی كلاسیكییەوە بۆ قۆناغێكی دیجیتاڵی و مۆدێرن بگوازێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، ڤەگێر ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نوێكردنەوەی سیاسەتی دابینكردنی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی یونیسێف و بە پاڵپشتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، پڕۆژەیەكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ نوێكردنەوەی سیاسەتەكانی دابینكردنی ئاو دەست پێ كرد.

دەشڵێت، ئەم هەنگاوە ئامانجی داڕشتنەوەی پلانێكی نوێیە كە لەگەڵ گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەكان و ئاڵنگارییەكانی كەمیی ئاو و گۆڕانی كەشوهەوا بگونجێت، بە جۆرێك كە سیستمی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم لە قۆناغی كلاسیكییەوە بۆ قۆناغێكی دیجیتاڵی و مۆدێرن بگوازێتەوە.

بەپێی قسەكانی ئەندازیار ڤەگێر ئەحمەد، پڕۆژەكە بۆ ماوەی شەش مانگە بەردەوام دەبێت، تێچووی خەمڵێنراوی پڕۆژەكە 78 ملیۆن و 600 هەزار دینارە، لەلایەن یونیسێف و بە هاوكاریی كۆمپانیای VNG International ی هۆڵەندی و وەزارەتەكانی شارەوانی و پلاندانان جێبەجێ دەكرێت، ئامانجی سەرەكیی ئەم دەستپێشخەرییە، كۆكردنەوەی داتای ورد و باوەڕپێكراوە بۆ ئەوەی ببنە بنەما بۆ نوێكردنەوەی ئەو سیاسەتەی كە لە ساڵی 2010وە پێڕەو دەكرێت، ئێستە پێویستی بە گۆڕانكاریی ڕیشەیی هەیە.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئاماژەی بەوە كرد، پرۆسەكە تەنیا نووسینەوەی پلان نییە، بەڵكو گەڕانێكی مەیدانیی بەرفراوانە كە 1500 خێزان لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك دەگرێتەوە، لەم پڕۆژەیەدا نوێترین تەكنەلۆجیای جیهانی وەك سیستمی زانیاریی جیۆگرافی GIS و ئەپڵیكەیشنی KoboToolbox  بۆ كۆكردنەوەی داتا و نەخشەسازیی دیجیتاڵی بەكار دەهێنرێن، ئەمەش دەرفەت دەداتە دامەزراوەكانی حكوومەت كە بەشێوەیەكی زانستی، كێشەكانی نایەكسانی لە دابەشكردنی ئاو و كەلێنەكانی خزمەتگوزاری لە شار و لادێكاندا دەستنیشان بكەن.

سیاسەتی دابینكردنی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2010 داڕێژراوە، لە دوای 15 ساڵ ڕووبەڕووی كۆسپ بووەتەوە بەهۆی خێرایی فراوانبوونی شار، زیادبوونی گوشاری دانیشتووان و كاریگەرییە توندەكانی گۆڕانی كەشوهەوا كە بوونەتە هۆی كەمیی ئاوی ژێرزەوی.


وشە - رامیار جەواد