شارەزایەكی كەشناسی ڕای دەگەیەنێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، كەش و گەرمای هاوینە دەست پێ دەكات و پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ڕۆژی هەینییەوە هێدی هێدی پلەی گەرما دەست بە بەرزبوونەوە دەكات، ئاسمانی ناوچەكانیش بە زۆری ساماڵ دەبن.
زیاتر گوتی، لە هەفتەی داهاتووەوە، بەتایبەت 10 و 11 تا 20/5، قۆناغێكی نوێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەست پێ دەكات، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی بەرگەهەوا و بەردەوامیی سەقامگیری كەشوهەوا.
ئەو شارەزای كەشناسییە ڕوونیشی كردووەتەوە، لە ناوچەكانی كەركووك و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بەرزترین پلەی گەرما لە ماوەی ئاماژەپێكراودا دەگاتە 35 تا 37 پلە، كەش و گەرمای هاوینە لەم ناوچانەدا دەست پێ دەكات.
روونی كردەوە، لە ناوچەكانی سنووری پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، بە ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران و ڕاپەڕینیشەوە، بەرزترین پلەی گەرما لە نێوان 29 بۆ 32 پلە دەبێت.