ناڕەزاییەكان لەناو پەكەكە زیاد بوون و نامەیەكیان گەیاندە قەندیل

:: PM:12:12:06/05/2026 ‌
بەپێی زانیارییەكان، بەشێك لە سەركردە و جەماوەری پەكەكە لە گۆڕینی ناو و هەڵوێست و كار و شێوازی خەباتی ئێستەی حزبەكەیان ناڕازین و نامەیەكیان بۆ قەندیل ناردووە، قەرەسووش رای گەیاند، بەعەقڵی رابردوو خەبات ناكەین.

بەشێك لە جەماوەر و كادرانی پەكەكە لە ئەوروپا، نامەیەكی ناڕەزاییان گەیاندووەتە سەركردایەتیی حزبەكەیان لە قەندیل، لە نامەكەدا داوایان كردووە خەباتی 50 ساڵە و قوربانی بێشوماری گەلەكەمان، شایانی ئەوە نییە ئاوا لەگەڵ توركیا سەودای پێ بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو كادرانە بەشێكیان لە شاخ بوون و بەشێكیان كادری رێكخستنی ئەوروپا بوون، بەشێكیان ئەوانەن چەندان ساڵە لە رووی داراییەوە تێكۆشان بۆ پەكەكە دەكەن.

بەگوتەی ئەو كادرانە پەكەكە كۆتایی خۆی راگەیاندووە و سەودایەكی مەترسیدار لەگەڵ دەوڵەتی توركیا دەكات، لە كاتێكدا دەوڵەت هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەری پرسی كورد نەناوە، هەمان عەقڵییەتی 50 ساڵی پێشوو توركیا بەڕێوە دەبات و هێشتا هەر فاشیستەكەی جارانن.

ئەوان دەڵێن، خەباتی 50 ساڵ و ئەو هەموو كوڕ و كچە شەهیدە، بۆ ئەوەبوو مافی كورد مسۆگەر بكرێت، "ئێستە پرۆسەیەك بەناوی تێكەڵبوون هێنراوەتە ئارا كە زیاتر لە تواندنەوەی كورد لەناو تورك دەچێت، نەك رێزگرتن لە كورد وەك خۆی.

لە بەرانبەر ئەو دەنگە ناڕەزاییەی ناو پەكەكە، دوێنێ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی مستەفا قەرەسوو ڕای گەیاند، هەلومەرجی تێكۆشان گۆڕا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە، لەلایەكی ترەوە لای ئێمە گۆڕانی پارادایم ڕووی دا و لە ڕێبازی سۆسیالیزمی بنیاتنراوی كلاسیكەوە، ڕوومان كردە تێگەیشتنی سۆسیالیزمی دیموكراتیكی نوێ.

گوتیشی: هەنگاوی كۆتاهێنان بە كار و چالاكی لە ژێر ناوی پەكەكەدا، شیاوی تێگەیشتنە، 50 ساڵ تێكۆشا، بەهای زۆر گەورەی ئافراند، بەگوێرەی هەلومەرجی 50 ساڵ پێش ئێستە، ڕێكخستنی دامەزراند، تێكۆشا و ئەنجامی بەدەست هێنا.

لە بەرانبەر ناڕەزاییەكان گوتی، نابێت بگوترێت پەكەكە لە ماوەی ئەم 50 ساڵەدا هیچی نەكرد، ئەنجامی بەدەست نەهێنا و سەرنەكەوت،‌ بۆیە ئەم هەنگاوەی ناوە، نەخێر وا نییە، لە ماوەی ئەم 50 ساڵەدا سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا، بەڵام لە ماوەی ئەم 50 ساڵەدا گۆڕانی گەورە ڕوویان دا، تێكۆشان گەیشتە ئەو خاڵەی كە پێویستە خۆی بگۆڕێت، خۆی نوێ بكاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، كۆتاهێنان بە كار و چالاكی لە ژێر ناوی پەكەكەدا، مانای كۆتاهاتنی تێكۆشان نییە، مانای سەرەتایەكی نوێی تێكۆشانە، بەڵام نەك بە زیهنییەت و مێشكی 50 ساڵی پێشوو، نەك بە هەمان ئامانجەكانی هەمان 50 ساڵی ڕابردوو، پێشتر تێگەیشتنی دەوڵەت- نەتەوەمان پێڕەو دەكرد، بەڵام دەستبەرداری بووین.



وشە - سۆران عەزیز