كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی تاڵەبانی، گومانی لە دادوەرانی دادگای سلێمانی هەیە و رای دەگەیەنێت، دادگای سلێمانی ئەو شوێنەیە كە تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەكرێت بە كادری دژەتیرۆر و ئازاد دەكرێت، بەناوی كادری دژەتیرۆر و پشتگیریی فەرمی بۆ دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، هاوژین هادی چالاك و كەسی نزیك لە بنەماڵەی تاڵەبانی رای گەیاند، بڕیار دراوە دادگایی شێخ لاهوور و هاوەڵەكانی بكرێت، بۆیە دەبێت جارێ بپرسین لە كام دادگا؟ دەبێت بپرسین بە كام مادەی یاسایی 56 یان 406؟ دەبێت بپرسین كێ دادوەر و كێ سكاڵاكەرە؟.
ئاماژە بەوەش دەكات، زۆر پرسیاری تر كە هەمووی گاڵتەجاڕییە بۆ دادگای سلێمانی، هەروەها دادگای سلێمانی ئەو شوێنەیە كە تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەكرێت بەكادری دژەتیرۆر و ئازاد دەكرێت، بەناوی كادری دژەتیرۆر و پشتگیریی فەرمی بۆ دەكرێت، دواتر دەبێتە بازرگانی مادەی هۆشبەری دژەتیرۆر بە فەرمی.
روونی كردووەتەوە، بەڵێ سەرانی دەباشانە تێكدەری كۆمەڵایەتی، دەباشانە بەگرووپ هەموو كارێكی نەشیاوی تێدا دەكرێت، بەڵێ دەباشانە دژی قەوارەی هەرێم كار دەكات تا لە ناوی ببات. دەباشان بووەتە قێزەونترین ناوچەی كوردستان لەڕووی بەدڕەوشتی و مادەی هۆشبەر و تاڵانی جاشایەتی و دزی و سەرانەسەندن.
لە بەشێكی قسەكانی كە بۆ دادوەرەكانی سلێمانییە و دەڵێت، كێ دادوەرە؟ دادوەران گوێتان لە دەنگی زنجیری دەبابە و ئاگرباران و درۆن ناردن و هێرشكردن بە تۆپ و دۆشكە و چەكی SPJ9 نەبوو؟ بۆ نەتانپرسی لە كام شوێنی دەوڵەتان هەبووە ئەم چەكانە بەكار بهێنرێت بۆ گرتنی تۆمەتبارێك و دەیان ئافرەت و كەسی بێتاوانی تر لە ناو ئەو باڵەخانەیەدا بن، یان دادگا بوونی نییە، یان ئێوە تەنیا لە دەنگی تۆپ و درۆن كوێر و كەڕن.
روونی كردووەتەوە، دادوەران بۆ یاساش كوێرانە بڕیار دەدەن، بۆیە دادوەرەكانمان كە لە ترسی گیانی خۆیان و شەرەفیان، پێنووسیان و بڕیاریان تەنیا بۆ پارێزگاری گیانی خۆیانە نەك چەسپاندنی دادوەری. ئەگەر ئێوە دادوەرن، دەبێت بشپرسن كێ بوو كاكە مستەفا و كاكە ڕێكاری شەهید كرد؟.
لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت، بۆیە وەك كەسێكی شاری سلێمانی، داوا لە داواكاری گشتی و ئاسایشی سلێمانی دەكەم، لەسەر ئەم گوتانەم بەدواداچوون بكەن و بافڵ دەستبەسەر بكەن، بەهۆكاری ئەو تاوانە قێزەونانەی كە دژ بە كۆمەڵگەی كوردی دەیانكات. پاشان دادگایی شێخ لاهوور و هاوەڵەكانی بكەن تا بزانین دادگاكەتان دادپەروەرانەیە.