فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق

:: PM:09:15:06/05/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایاری 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی، ئەمەش دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی بەغدا و سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو.

لە ڕاگەیەنراوێکی فراکسیۆنی پارتیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، پاڵپشت بەو متمانە نیشتمانییەی گەلەکەمان پێی بەخشیوین، وەک فراکسیۆنی پارتی هەمیشە ئامادەیی و هەڵوێستە سیاسییەکانمان لە پرۆسەی یاسادانان و چاودێریدا، ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێویشیاندا مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، هاوکات بۆ چەسپاندنی پایەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.

فراکسیۆنەکە ڕوونی کردووەتەوە، دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حكوومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان، هەروەها سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ بەغدا، فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا دووپات کراوەتەوە کە ئەم گەڕانەوەیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تا لە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان، هەمیشەش لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردندا دەبین بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان.


وشە - پۆڵا مەحموود